فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (بە فەڕەنسی:  Fédération Internationale de Football Association   کورتکراوەتەوە بۆ  FIFA  -  فیفا) لە ٢١ی ئایاری ١٩٠٤ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دامەزراوە. باڵاترین فیدراسیۆنی تۆپی پێیە لەجیهاندا و سەرپەرشتی کاروبارەکانی تۆپی پێ دەکات، هەر کیشوەرێک خاوەنی یەکێتییەکی کیشوەری تۆپی پێیە و وڵاتانی زۆرینەی وڵاتانی کیشوەرەکە ئەندامن لە یەکێتییە کیشوەرییەکەیان.

پێڕستی سەرۆکەکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (١٩٠٤-١٩٢٠)

FIFA Logo

 فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (یەکێتیی تۆپی پێی جیهان) لەماوەی ١١٨ ساڵی تەمەنیدا، ٩ سەرۆکی هەڵبژێردراو و ٣ سەرۆکی کاربەڕێکەری هەبووە.


١. ڕۆبێرت گوێرین

(٢٣ی ئایاری ١٩٠٤ - ٤ی حوزەیرانی ١٩٠٦)

ڕۆبێرت گوێرین (ماوەی ژیان: ٢٨ی حوزەیرانی ١٨٧٦ - ١٩ی ئازاری ١٩٥٢) ڕۆژنامەڤانێکی فەڕەنسی بوو، یەکەمین سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ و یەکێک لە دامەزرێنەرانی فیدراسیۆنەکە بوو، لە ڕۆژنامەی لمێتا (Le Matin) کاری دەکرد.

ئەو کاتەی سکرتێری بەشی تۆپی پێ بوو لە یەکێتیی سەندیکاکانی وەرزش و وەرزشکارانی فەڕەنسا، چالاک بوو، نوێنەری وڵاتەکەی بوو لە دامەزراندنی فیفا، دواتریش بە سەرۆکی فیفا هەڵبژێردرا.

ئەو کاتەی هەڵبژێردرا تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو، بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە پایەکەی مایەوە، لەو ماوەیەدا ٨ یەکێتیی تر بوون بە ئەندام لە فیفا (لە نێویاندا یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی).

سکرتێری گشتیی فیفا لەو ماوەیەدا لویس مەهلینگهاوسی بەلجیکی بوو.

٢. دانیال بێرلی وۆڵفۆڵ

(٤ی حوزەیرانی ١٩٠٦ - ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨)

دانیال بێرلی وۆڵفۆڵ (ماوەی ژیان: ١٥ی حوزەیرانی ١٨٥٢ - ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨) بەرپرسی یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا لە بلاکبێرن و دووەمین سەرۆکی فیفا بوو، ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ١٩٠٦ لە سێیەمین کۆنگرەی فیفا لە بێرن بە سەرۆک و کارڵ ڤیلهەلم هیرشمانی هۆڵەندی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردران.

ئامانجی سەرەکی لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا ئەوە بوو یاساکانی تۆپی پێ لە سەر ئاستی جیهانی یەکبخات، ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە داڕشتنی دەستووری نوێی فیفا.

یاساکانی یاری کە بە شێوازی ئینگلیزی داڕێژرا بوون، خرایە بواری جێبەجێکردن و پێناسەیەکی ڕوونی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە نێونەتەوەییەکان دانا. هاوکار بوو لە ڕێکخستنی یەکەمین پاڵەوانیەتی نێونەتەوەیی تۆپی پێ لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ١٩٠٨ی لەندەن.

وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپا (ئەفریقای باشوور، ئەرژەنتین، چیلی، ویلایەتە یەکگرتووەکان) بوون بە ئەندام، جەنگی یەکەمی جیهانی ڕایگرت.

لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە و لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ کۆچی دوایی کرد.

٣. کارل ڤیلهەلم هیرشمان

(سکرتێری گشتی فەخری: ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ - ١٩٢٠)

کۆرنێلس ئۆگەشت ڤیلهەم هیرشمان (ماوەی ژیان: ١٦ی شووباتی ١٨٧٧ - ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٥١) سەرمایەدارێکی دارایی هۆڵەندی و دامەزرێنەرێکی فیفا بووە، دووەمین سکرتێری گشتی فیفا (١٩٠٦-١٩٣١) بووە، بەشداربووە لەدامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هۆڵەندا (NOC) لە ساڵی ١٩١٢.

دوای مردنی دانیال بێرلی وۆڵفۆڵ لە ساڵی ١٩١٨، هیرشمان ڕێکخراوەکەی لە هەرەسهێنان پاراست و لەسەر خەرجی خۆی بەردەوامی پێدا و لە نووسینگەکانی لە ئەمستردام فیفای بەڕێوەدەبرد. سەرۆکی کاتی فیفا بوو تا هەڵبژاردنی ژولی ڕیمێت بە سەرۆکی کاتی دەستەی بەڕێوەبردن لە ١٩٢٠.

دوای هەرەسهێنانی ١٩٢٩ی وۆڵ ستریت، کۆمپانیای بازرگانیی پشکەکانی هیرشمان مایەپووچ بوو، سەرمایەی ئەو وەبەرهێنانانەی لە بەرژەوەندی لیژنەی ئۆڵۆمپیی هۆڵەندی و فیفا مامەڵەی پێوە دەکرد، زۆربەی لە دەستچوو. لە ساڵی ١٩٣١ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە لیژنەی ئۆڵۆمپیی هۆڵەندا و فیفا دەستی لە کار کێشایەوە.

تعليقات