فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (بە فەڕەنسی:  Fédération Internationale de Football Association   کورتکراوەتەوە بۆ  FIFA  -  فیفا) لە ٢١ی ئایاری ١٩٠٤ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دامەزراوە. باڵاترین فیدراسیۆنی تۆپی پێیە لەجیهاندا و سەرپەرشتی کاروبارەکانی تۆپی پێ دەکات، هەر کیشوەرێک خاوەنی یەکێتییەکی کیشوەری تۆپی پێیە و وڵاتانی زۆرینەی وڵاتانی کیشوەرەکە ئەندامن لە یەکێتییە کیشوەرییەکەیان.

پێڕستی سەرۆکەکانی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی تۆپی پێ (١٩٢٠-١٩٥٥)

FIFA Logo

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی تۆپی پێ لە ماوەی ١١٨ ساڵی تەمەنیدا، ٩ سەرۆکی هەڵبژێردراو و ٣ سەرۆکی کاتی هەبووە.


٤. ژولی ڕیمێت

(ئازاری ١٩٢٠ - ٢١ی حوزەیرانی ١٩٥٤)

ژولی ڕیمێت (ماوەی ژیان: ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٨٧٣ - ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٦) بەرپرسێکی تۆپی پێی فەڕەنسی بوو، سێیەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی فیفا (١٩٢١-١٩٥٤) بووە، درێژترین ماوەی سەرۆکی فیفای هەیە، کە ٣٣ ساڵە، یەکەم سەرۆکی فەخری فیفایە. لە ساڵانی (١٩١٩-١٩٤٢) و (١٩٤٤-١٩٤٩) سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا (FFF) بووە.

لە ٢١ی شووباتی ١٨٩٧، یانەی ڕێد ستاری فەڕەنسی دامەزراند. لە دەستپێشخەرییەکدا، جامی جیهانی فیفای دامەزراند، وەکو ڕێزێک ناوی لێنرا (جامی ژولی ڕیمێت)، لە ساڵی ١٩٧٤ ناوی جامەکە گۆڕدرا بۆ (جامی جیهانی فیفا). یەکەم پاڵەوانیەتی جامی جیهانی فیفا لە ساڵی ١٩٣٠ بەڕێوەچوو.

ژولی ڕیمێت لە خێزانێکدا بووە کە باوکی فرۆشیار بووە، لە ١٨٨٤ خێزانەکەی ڕوودەکەنە پاریس، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا، ژولی دەبێتە پارێزەر، دواتر یانەی ڕێد ستاری دامەزراند.

ڕیمێت بەشدار دەبێت لە دامەزراندنی فیفادا، پلان وابوو کە فیفا پاڵەوانیەتی جیهانی ڕێکبخات، بەڵام وەکو بەشێک لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ١٩٠٨ بەشدار دەبێت. جەنگی جیهانیی یەکەم پلانەکانی فیفا ڕادەگرێت، ریمێت وەکو ئەفسەر لە سوپای فەڕەنسی خزمەتی دەکرد و مەدالیای سەربازی (Croix de Guerre) پێ بەخشراوە.

لە کۆنگرەی ١٩١٤ بەشداربووە کاتێک سەرۆکی خولی تۆپی پێی فەڕەنسی بووە، تێیدا پێشنیاری (بەڕێوەچوونی تۆپی پێ لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بە پێی ڕێساکانی فیفا و ناساندنی وەکو پاڵەوانیەتییەکی جیهانی تۆپی پێ) پەسەندکرا، لە سەرەتاکانی دەسەڵاتیدا، دووپاتی دەکردەوە کە فیفا یاری تۆپی پێی ئۆڵۆمپیاد بەڕێوەببات.

لە ساڵی ١٩٢٠ کۆبوونەوەیەک لە ئانتوێرپی بەلجیکا بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی نوێ، ریمێت بە سەرۆک و لویس ئۆسترەپی دانیمارکی بە جێگر و هیرشمان بە سکرتێری فەخری دیاریکران. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەندامەکانی نێردرا و لەڕێگەی پۆستەوە ڕەزامەندی خۆیان لەسەری ڕاگەیاند، لە پەیڕەوی ناوخۆی دواتر دەنگدانی پۆستە ڕاگیرا.

لە ١ی ئازاری ١٩٢١ بە سەرۆکی فیفا هەڵبژێردرا، لە پاش جەنگەکە، ژمارەی ئەندامەکانی ٢٠ ئەندام بوو، بەریتانیا کشایەوە، بەڕازیل و ئۆرۆگوای ئامادەنەبوون. ڕێکخراوەکە جەنگی جیهانیی دووەمیشی تێپەڕاند.

دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی فیفا، بیرۆکەی پاڵەوانیەتییەکی جیهانی هێنایەوە، یەکێتیەکانی تۆپی پێ و پیێر کوبێرتینی دامەزرێنەری لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێونەتەوەیی دژی بوون.

لە ساڵی ١٩٢٨ و لە ئەمستردام، فیفا پلانی جامی جیهانی داڕشت، بە ٢٥ دەنگی بەڵێ و ٥ دەنگی دژ (دانیمارک، سوید، نەرویج، فینلەندا و ئیستۆنیا) پلانەکە پەسەندکرا و ٤ ساڵ جارێک بەڕێوەبچێت، لە کۆنگرەی دواتر لە بارشلۆنا ١٩٣٠ دیاریکرا. بڕیاردرا لە ئۆرۆگوای بەڕێوەبچێت، بەهۆی سروشتی یاری پیشەگەر لە ئەمریکای باشوور و لە ئەستۆگرتنی خەرجییەکانی گواستنەوە (هەروەها دابینکردنی ٧٥$ بۆ هەر یاریزانێک و ٠,٥$ بۆ خەرجی ڕۆژانە) لەلایەن ئۆرۆگوایەوە، هەروەها بەڵێنیدا یاریگایەک بۆ جامی جیهانی دروست بکات بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر دەستووری وڵات. ریمێت و هەڵبژاردە ئەوروپییەکان بە کەشتی ئیتاڵی کۆنتی ڤێردی بەڕێکەوتن، جامەکە لە جانتاکەیدا بوو.

هیرشمان تا ساڵی ١٩٣١ وەکو سکرتێری گشتیی فیفا مایەوە، لە ساڵی ١٩٣٢ ئیڤۆ شریکەری ئەڵمانی وەکو سکرتێری گشتی دیاریکرا.

دیاریکردنی ئۆرۆگوای ڕووبەڕووی ڕەخنەی کردەوە، بە بیانووی ئامادەنەبوونی یاریزانەکانیان لە خولە ناوخۆییەکان بۆ ماوەی ٣ مانگ، تەنها فەڕەنسا و ڕۆمانیا و بەلجیکا و یوگۆسلاڤیا ئامادەبوون، ئەویش بەهۆی کاریگەری ڕیمێتەوە.

خولی دواتر لە ئیتاڵیا لەسەردەمی بێنیتۆ موسۆلینی بەڕێوەچوو، کە بۆ بەهێزکردنی حکومڕانییەکەی بەکاریهێنا. دوای جەنگی جیهانیی دووەم یەکێتییە بەریتانییەکانی تۆپی پێ ڕەزایبوون بە بەشداریکردن، لە ساڵی ١٩٥٠ بەشداربوون و بۆ جاری دووەم ئۆرۆگوای جامەکەی لە ڕیمێت وەرگرت. دامەزراندنی جامی جیهانی پاڵنەر بوو بۆ دیاریکردنی ریمێت وەکو پاڵێوراوێکی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ.

ئیڤۆ شریکەر تا ساڵی ١٩٥١ بەردەوام بوو، کورت گاسمانی سویسری پۆستی سکرتێری گشتی وەرگرت.

لە ساڵی ١٩٥٤، کاتێک جامی جیهانی فیفای لە سویسرا کردەوە، ژمارەی ئەندامەکانی ٨٥ ئەندام بوون.

٥. ڕۆدۆڵف ویلیەم سیلدرایەرس

(٢١ی حوزەیرانی ١٩٥٤ - ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥)

ڕۆدۆڵف ویلیەم سیلدرایەرس (ماوەی ژیان: ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٦ - ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥) بەرپرسێکی تۆپی پێی بەلجیکی و سەرۆکی فیفا بووە، لەدایکبووی دوسڵدۆرفی ئەڵمانیایە.

بەشی یاسا لە زانکۆی برۆکسلی ئازاد تەواو کردووە، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا دامەزرێنەرێکی یەکێتیی تۆپی پێی شاهانەی بەلجیکا بووە، بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرپرسی دارایی یەکێتییەکە بووە و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵیش ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن بووە، دواتریش وەکو ئەندامی فەخری دیاریکراوە.

لە ساڵی ١٩١٤، بەهۆی ڕەوانبێژییەوە وەکو نوێنەری بەلجیکا لە فیفا دیاریکراوە، لە ١٩٢٧ پۆستی جێگری سەرۆکی وەرگرتووە.

لە ساڵی ١٨٩٩ وەکو ڕۆژنامەنووسێکی وەرزشی لە ڕۆژنامەی (La vie sportive - ژیانی وەرزشی) خاوەنی ستوونێک بووە، ناوی (Spectator)ی بەکاردەهێنا. دوای ١٠ ساڵ لیژنەی نیشتمانی بۆ پەروەردەی جەستەیی دامەزراند و لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپیی بەلجیکا یەکیان گرت، لە ساڵی ١٩٤٦ بوو بە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی.

لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ١٩٢٠ سکرتێری تەکنیکی بووە، چەند جارێک ئەندامی لیژنەی دادوەرانی تێهەڵچوونەوەی تۆپی پێی ئۆڵۆمپیاد بووە. زیاتر لە ئۆڵۆمپیادی ١٩٣٦ی بەرلین دەرکەوت، کاتێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان پیرۆ و نەمسا، ئامادەبووان ڕژانە نێو یاریگاوە، بۆیە بڕیاردرا بە دووبارەکردنەوەی بە داخراوەیی، پیرۆ ڕەتیکردەوە و یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی جێهێشت. لە ئۆڵۆمپیادی ١٩٢٠ دا، چیکۆسلۆڤاکیا سکاڵای لە ئاستی ناوبژیوانی ئینگلیزی جۆن لویس لە یاری کۆتایی تۆمارکرد.

بۆ یەکەمجار یارییەکانی جامی جیهانی فیفای ١٩٥٤ لە تەلەفزیۆنەوە پەخشکران، ژمارەی ئەندامەکانی فیفا لەیادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنیدا ٨٥ ئەندام بوو.

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. ئارثەر درێوری جێگای گرتەوە.

تعليقات